| یادی سی ساڵه‌ی نۆ شه‌هیدی پاد‌گانی مه‌ریوان!
2009 09 14 - 13:02 عه‌بدوڵلا مسته‌فا سوڵتانی ساڵی 1358 هه‌تاوی هه‌موو شاره‌کانی کوردستان له یاوێکی به تین و گه‌رمدا ده‌سوتا. شه‌پۆلی ڕاپه‌ڕین هه‌موو ئیڕانی گرتبوه‌وه و دوای قه‌یام ئه‌و شه‌پۆله له ناوچه‌کانی تر ئارام ئارام ، ده‌نیشته‌وه و له کوردستان شه‌پۆله‌کان خێراتر، به‌رز و نزم هه‌ڵده‌جون و سه‌ره‌نجام هه‌تا ده‌هات ، به ته‌وژم تر ده‌بوون و، دیواره‌کانی فاشیزمی مه‌زهه‌بیان ده‌کوتا.
له فه‌زایه‌کی ئاوا، رووناکبیران و پێشڕه‌وانی رادیکاڵ، له به‌ره‌نگاری و پێش بردنی ئه‌رکی ئینسانی و کۆمه‌ڵایه‌تیان نموونه بوون . و ئه‌رکه کانیان وه‌ک کادری لیهاتوی سیاسی، به‌ڵام له بواری جۆراوجۆر به رێوه ده‌برد . فه‌زای سیکولار و ئازادی سیاسی له شاره‌کانی کوردستان و به تایبه‌ت ده‌وری ئه‌و پێشڕه‌وانه بۆ جمهوری تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوی ئێسلامی ، ته‌حه‌مول نه‌ده‌کرا. فه‌زای دیموکراتێکی کوردستان له گه‌ل سیاسه‌تی کۆنه‌پارێزانه و وشک ومه‌زهه‌بی که له ناوچه‌کانی تری ئێران، داسه‌پابوو، یه‌کتریان نه‌ده‌گرته‌وه و ناکۆک بوون .
شاری مه‌ریوان له‌و ده‌وره‌یه‌دا، به‌ره‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و دیموکراتیک هه‌نگاوی به په‌له ی ده‌نا . جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک تا ئاستێکی به‌ر چاو، سیسته‌می حوکمڕانی دیموکراتیکیان به ده‌سته‌وه گرتبوو.
تا چاوت کرده‌وه ، ڕۆژ و حه‌وتوو و مانگ تێپه‌ڕ بوون و به فه‌رمانی خومینی ، برێاری جیهادی ئه‌کبه‌ر بۆ سه‌ر خه‌ڵکی کورد ده‌رچوو. سیا رۆژی 28ی گه‌لاوێژ ، چوه ناو مێژووی به‌ره‌نگاری کورده‌وه .
سپای پاسداران و ئه‌رته‌شی جمهوری ئیسلامی ، بۆ ئه‌و جه‌نایه‌ته ئاماده کران و ده‌ستوری هیرشیان بۆ سه‌ر کوردستان وه‌ر گرت.قه‌سابه‌کان ده‌ستوری مل په‌راندن و تیر بارانیان له وڵایه‌تی فه‌قیه، وه‌ر گرت و مه‌کته‌بی قورئان و به‌کرێگیراوانی کوردیش، خزمه‌تی چاکیان له‌و بواره‌دا به جمهوری ئیسلامی کرد.
دیل و ئه‌سیر کردنی ئازادیخوازان و پێشڕه‌وانی سیکولار ده‌ستی پێ‌کرد . له‌و پڕۆسه‌یه‌دا، یازده که‌س دیل و که‌له‌بچه و له پاده‌گانی مه‌ریوان زیندانی کران . دوو که‌سیان به ناوه‌کانی کاک حه‌مه جوان حیده‌ری و کاک رزگار شێخ الاسلامی ، ئازاد کران . که به داخه‌وه پاشان له رێزی خه‌باتی پیشمه‌رگایه‌تیدا، گیانیان به‌خت کرد . ئه‌و نۆ که‌سه‌که‌ی تر به‌رێزان: 1-حسین مسته‌فا سوڵتانی (ده‌بیری ده‌بیرستان ) 2- سه‌ید ئه‌حمه‌د پیر خزرانیان ( کارمه‌ندی بیهداری) 3 - جه‌لال نه‌سیمی (موعه‌لیم ) 4- ئه‌مین مسته‌فا سوڵتانی (موعه‌لیم) 5 - فایه‌ق عه‌زیزی( ئه‌ندامی شورای شاری مه‌ریوان ) 6 --سه‌ید حسین پیرخزرانیان( موعه‌لیم ) 7 - دوکتور به‌همه‌ن ئه‌خزه‌ری( فیلم هه‌ڵگر و دوکتور) 8 - عه‌لی داستانی ( پێشمه‌رگه ) 9- ئه‌حمه‌د قادر زاده( خه‌ڵکی ئاوایی ده‌ره‌تفێ) ،ڕۆژی 3 ی خه‌رمانان له پاده‌گانی مه‌ریوان به ده‌ستوری خوینڕێژی به ناو بانگ، شێخ سادقی خه‌لخالی و یارمه‌تی ڕاسته‌و خۆی مه‌کته‌بی قورئان و به کرێگیراوانی کورد ،تیره باران کران . هاو سه‌فه‌ره‌کانی کاک فوئاد به‌ره‌و شاری بانه چوار که‌س بوون و یه‌کێک له وانه ، به ڕیز کاک ته‌همورس ئه‌کبه‌ری نوێنه‌ری چریکه فیدایه‌کانی خه‌ڵکی ئێران بوو. به‌داخه‌وه کاک ته‌همورس ، له‌و شه‌ڕدا گیانی به‌خت کرد . هه‌روه‌ها زۆری نه خایاند که له بواری به‌رنگاری و دیفا ع له خه‌ڵکی کورد هاوڕیێان : کاک ناسر مسته‌فا سوڵتانی(ده‌بیری ڕاهنمایی) و کاک ئه‌حمه‌د مسته‌فا سوڵتانی(موعه‌لیم)، گیانیان له پێناو خه‌بات دژی داگیر که‌رانی کوردستان به‌خت کرد . جێگای خۆیه‌تی له‌م مه‌راسم و ئاهه‌نگه‌دا، یادی ئازیزیان ، وه بیر بێنینه‌وه و له لایه‌ن بنه ماله‌ی مسته‌فا سوڵتانیه‌وه ئیحترام و رێز و دڵنه‌واییمان ، به خانه‌واده‌ی هه‌موویان ،پێشکه‌ش و ڕاگه‌یه‌نین . ئه‌وان فاسڵه‌ی له دایک بون و مه‌رگیان به سه‌ربه‌رزی ، فیداکاری و که‌رامه‌ته‌وه ته‌واو کرد .یادیان به خێر بێت ! Frankfort- Germany September 2009
* ئه‌م وتاره‌م رۆژی 29 08 2009 له مه‌راسمی ڕێز گرتن له یادی سی ساڵه‌ی گیانبه‌ختکردنی ڕووناکبیر و ڕێبه‌ری شۆڕشگێڕ " کاک فوئاد مسته‌فا سوڵتانی " له زانستگای ستۆکهوڵم له ولاتی سوید، پێشکه‌ش وخوێنده‌وه
|