| ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمب مراندنی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییه
2008 01 14 - 05:11 ناسری ئه‌مین‌نژاد له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی ڕابردوودا ته‌قاندنه‌وه‌ی چه‌ند بۆمبێك شاری دیاربه‌كری هه‌ژاند. تا ئێستا وێڕای زه‌ره‌روزیانێكی زۆری ماددی، كوژرانی ده‌كه‌س و برینداربوونی سه‌توبیست كه‌سی لێ كه‌وتۆته‌وه. ئه‌م "كاره‌ساته" مه‌یدانێكی به‌رفراوانی كردۆته‌وه بۆ ته‌بلیغاتی ریاكارانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆنه‌پارێز و ژنڕاله‌كانی ئه‌رته‌شی فراوانخوازی توركیه تا به كه‌یفی خۆیان فرمێسكی درۆینه بۆ خه‌ڵكی سڤیل و بی‌تاوانی ئه‌و شاره و قوربانییه‌كانی ئه‌و رووداوه هه‌ڵوه‌رێنن و " بێ‌به‌زه‌ییه‌تی ترۆریسته‌كان" به میدیای جیهانی نیشان بده‌ن. ئه‌مه له لایه‌ک، له لایه‌كی دیكه بۆته هۆی سه‌رسوڕمانی خه‌ڵك، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شه‌پۆلێكی بێزاری و رق و نیگه‌رانی له كوردستان به گشتی و دانیشتوانی ئه‌و شاره به‌تایبه‌تی به دوای خۆیدا هێناوه. له‌م نێوانه‌دا زۆرتر قامكی تاوان بۆ پ.ك.ك راكێشرا. ئه‌م رێكخراوه‌یه پاش یه‌ك دوو رۆژ بێ‌ده‌نگی له زمانی "بوزان ته‌كین" رایگه‌یاند «ئه‌م چالاكییه به پلانی ناوه‌نده‌كه‌مان ئه‌نجام نه‌دراوه، به‌ڵكو له لایه‌ن تیمه‌كانی شار و به ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌وان به‌ڕێوه چووه». پاشان وتی: «هه‌ر كه‌س ده‌بێ ئه‌وه بزانێت كه ئه‌و چالاكییه وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك دژ به په‌لاماره‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیه بۆ سه‌ر گه‌لی كورد ئه‌نجام دراوه»، دواتر لێبوردنی له خه‌ڵكی ئه‌و شاره خواست و سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماله‌ی كوژراوه سڤیله‌كان كرد. كه‌س نازانێ ئه‌گه‌ر ئه‌م چالاكییه شۆڕشگێڕانه‌یه و بۆ به‌رگری له خه‌ڵكی كورده و ئه‌م خه‌ڵكه‌ش به‌وه ده‌زانێ ئیتر چ جای لێبورده‌یی خوازتنه! گومان له‌وه‌دا نیه كه ئه‌مه روداوێكی تاڵ و كرده‌وه‌یه‌كی كاره‌ساتباره بۆ بزوتنه‌وه‌ی ره‌وا و عادڵانه‌ی خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی كورد. تاڵتر له‌وه‌ش ئه‌و "داوای لێبوردنه‌یه"، تۆمه‌ز خه‌ڵكی كوردستان و بزوتنه‌وه‌كه‌ی مه‌یدانی تاقیكردنه‌وه‌ی كه‌فهه‌ڵخراندنه‌كان و كرداری هه‌ڵنه‌سه‌نگێندراوی چه‌ند شانه‌یه‌كی لێره‌وله‌وێیه. ئه‌مه نه‌ك نیشانه‌ی هه‌ست به به‌رپرسیاره‌تی كردن و دڵكراوه‌یی نیه، به‌ڵكو گاڵته‌كردنه به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، نێشانه‌یه بۆ بێ‌سه‌ره‌وبه‌ره‌یی و بێ هیوایی، نیشانه‌یه بۆ نه‌بوونی تاكتیك و ستراتژیی به‌رچاوڕونانه و بڕوا نه‌بون و متمانه‌نه‌كردنه به بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، نیشانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌لسوڕێنه‌ره‌كان و چالاکوانان بۆخۆشیان نازانن چی‌یان گه‌ره‌كه و به ته‌مای چین و ده‌بێ چۆن بجوڵینه‌وه. به‌داخه‌وه ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته نه‌ك قازانجی گه‌لی تێدا نیه، به‌ڵكو زه‌بری قورس له وره و بزوتنه‌وه‌كه‌شی ده‌سره‌وێنێ. ئه‌مه كایه‌كردنه له مه‌یدانێك كه دوژمن دیاری كردووه و پێی‌خۆشه و قازانجی ئه‌وانی تێدایه و دوكه‌ڵه‌كه‌شی ده‌چێته‌وه چاوی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و به لارێیدا ده‌با. رێنوێنی‌ده‌ران و ته‌قێنه‌ران ده‌توانن ئیدعا بكه‌ن كه ئه‌مه كاردانه‌وه‌یه‌كی دژ به په‌لاماره‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیه بۆسه‌ر گه‌لی كورده. به‌ڵی راسته، ئه‌مه‌ش بۆخۆی دژكرده‌وه‌یه‌كه. به‌ڵام كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌شیاوی ناوردبینانه، كاردانه‌وه‌یه‌كه كه ته‌نیا ده‌توانێ چاووڕاو و فریوكارییه‌كانی ده‌زگا ته‌بلیغییه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته بسه‌لمێنێ كه ئیدعا ده‌كه‌ن كێشه‌ی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ "تروریسته‌كانی دابڕاو له خه‌ڵكه نه‌ك جه‌ماوه‌ر. كاردانه‌وه‌یه‌كه كه خه‌ڵك ده‌نێرێته‌وه ماله‌كانی خۆیان و گۆیا به ته‌مایه ئه‌ركی قورسی سه‌ركه‌وتن بخاته‌سه‌ر شانی چه‌ند ده‌سته‌یه‌كی چه‌كدار، كاردانه‌وه‌یه‌كه كه ده‌ستی ئه‌رته‌ش و كاربه‌ده‌ستانی كۆنه‌پارێزی ئه‌و وڵاته بۆ په‌لاماری هه‌رچی زیاتری خه‌ڵك بۆ نانه‌وه‌ی فه‌زای تۆقان و دڵه‌ڕاوكێ ئاوه‌ڵه ده‌كات و گه‌ڕان و پشكنیی شانزه رۆژه‌ی ماڵ به ماڵ له‌و شاره‌ی به دوای خۆێدا هێنا. ئه‌مه "دیارییه‌ك" بوو بۆ «عه‌بدوڵلا گۆل» و هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ره‌كه‌ی بۆ ئه‌مریكا هه‌تا له‌وێ خۆی پێوه ڕابنێ و مه‌زلومنوێنی پێوه بكات. ئه‌مه ڕازێكی سه‌ربه‌مۆر نیه و بۆ ڕاستی و ناڕاستی هه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌ك و شۆڕشگێڕانه بون یان نه‌بونی هه‌ر كرگار و هه‌ڵسوڕانێكی سیاسی ـ كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نیا خواست و نیازی "خێرخوازنه‌ی" كه‌سه‌كان به‌س نین و كار ته‌نیا به ئیراده و ویستی ئه‌وان ناچێته پێش. گرینگ ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كرگار و هه‌ڵسوڕانه چ ئه‌نجام و ئاسه‌وارێكیان هه‌یه و ده‌بێ له وڵام به‌و پرسیاره‌دا هه‌ڵسه‌نگێندرێ كه تا چ ڕاده‌یه‌ك یارمه‌تی به ڕه‌وتی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی ڕه‌وره‌وه‌ی گه‌شه و پێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌دا و داخوا هه‌نگاوێكن بۆ پێشه‌وه یان شه‌قاوێكن بۆ دواوه. گه‌لێك‌جار هه‌ڵوێست و كرده‌وه‌ی وا هه‌ن كه هه‌موو رواڵه‌تێكی "شۆڕشگێڕانه"شیان پێوه دیاره به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ویست و خواستی ئه‌نجامده‌ره‌كانی له دژی خۆی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌مه كاتێك ده‌بیندرێ كه ورده‌كارییه‌كانی هه‌لومه‌رجی راسته‌قینه و هه‌موو لایه‌نه‌كانی نه‌خرێنه به‌رچاو و به دانسته و به گوڵبژێر كردن مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵدا بكرێ. ئه‌مرۆ هه‌مو ڕاستییه‌كان و هه‌لومه‌رجی كوردستان به گشتی و كوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی توركیه به تایبه‌تی و ئه‌و بارودۆخه‌ی كه ئێستا به شوێن هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیه هاتۆته ئاراوه، نیشانی ده‌ده‌ن كه ته‌قاندنه‌وه‌ی له‌و چه‌شنه سه‌ممی كوشه‌نده‌یه بۆ بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی. ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ك به‌كار بگیردرێ بۆ دووركه‌وتنه‌وه له‌و ئاكار و كرده‌وانه. ئه‌مڕۆ هاتنه مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری و هاندانی كۆمه‌ڵانی هه‌روای خه‌ڵك بۆ رژانه ناو كۆڵان و شه‌قامه‌كان، بۆ خۆپیشاندانی به‌رده‌وامی هه‌زاران هه‌زار كه‌سی له هه‌موو گۆشه و كه‌نارێكی ئه‌م وڵاته یه‌خسیركراوه ده‌رمانێكی سه‌ره‌كی و رێگایه‌كی قایم و دڵنیایی‌هێنه‌ره بۆ ده‌ربازبون له‌و دژوارییانه‌ی كه هاتونه‌ته سه‌ر رێ. ئاسۆی سه‌ركه‌وتن ته‌نیا له‌و رۆژنه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ. ٨ / ١ / ٢٠٠٨
|